بابەتەکان

25ez236


جوانترین و به‌هێزترین به‌رجه‌سته‌ کردن.. زیندوو کردنه‌وه‌ی جه‌سته‌ و ڕۆح.. گه‌ر ئیدیت پیاف خۆی له‌ دونیا دابمایه‌ ده‌یگوت: ئه‌و منه‌.. . نه‌وه‌‌ك من خۆم بم!!

(La Vie en rose) واته (ژیان به‌ په‌مه‌یی)‌یاخودLa Môme))واته‌ (کیژۆڵه)‌، یه‌کێکه‌ له گرنگترین و جوانترین و گه‌وره‌ترین فیلمه‌‌ له‌ مێژووی سینه‌مای فه‌ڕه‌نسی و جیهانیدا، ئه‌م فیلمه‌ باس له‌ ژیانی گۆرانی بێژی ناوداری فه‌ڕه‌نسا (ئیدیت پیافÉdith Piaf 1915-1963)ده‌کات، ناوی فیلمه‌که‌ش‌ له‌ یه‌کێك له‌ ناوی گۆرانیه‌کانی ئیدیت پیاف خۆی وه‌رگیراوه‌ به‌ ناوی (La Vie en rose)...
ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کی فیلمه‌که‌ (ماریون کوتیار MarionCotillard)ڕۆڵی تێدا ده‌بینێت، له‌گه‌ڵ چه‌ندین ئه‌کته‌ری به‌ناوبانگی تری وه‌ك (جێرارد دیپاردیو Gérard Depardieu)و (جان بيير مارتينز Jean-Pierre Martins)
نوسینی (ئیزابێل سوبیلمان Isabelle Sobelman و ئۆلیڤیه‌ داهانOlivier Dahan)
ده‌رهێنانی(ئۆلیڤیه‌ داهانOlivier Dahan)
به‌رهه‌می کۆمپانیای (ئا‌لان گۆڵدمان Alain Goldman)ه‌ بڕی تێچونی فیلمه‌که‌ (25 ملیۆن دۆلار)ه‌ وتوانی بینه‌رێکی زۆر بۆ خۆی ڕاکێشێت وه‌ له‌دوای نمایش کردنیدا بڕی (86،274،793دۆلار)ی ئه‌مریکی داهاتی فیلمه‌که‌ بوو،‌ له‌ ساڵی )2007( به‌رهه‌م هێنراوه‌ به‌ زمانی فه‌ڕه‌نسی و ئینگلیزی، ماوه‌ی فیلمه‌که‌ (140 خوله‌که‌) و چه‌ندین خه‌ڵاتی جۆرا و جۆری جیهانی به‌ ده‌ست هێناوه‌، وه‌ك:
1.بۆ یه‌که‌مین جاره‌ له‌ مێژووی سینه‌ما دا که‌ فیلمێکی فه‌ڕه‌نسی بتوانێت دوو خه‌ڵاتی (ئۆسکار)له‌ یه‌ك ساڵدا به‌ ده‌ست بهێنێت، ئۆسکار بۆ باشترین ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کی کچ (ماریون کوتیار MarionCotillard)، له‌گه‌ڵ باشترین ماکیاژ له‌ ساڵی(2008) هه‌روه‌ها پاڵێوراوه‌ بۆ خه‌ڵاتی باشترین جل و به‌رگ.

10h8ys3
2.خه‌ڵاتی (بافتا)ی به‌ریتانی بۆ باشترین ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کی کچ، باشترین دیزاین، باشترین قژ و ماکیاژ، باشترین مۆسیقای فیلم بۆ ساڵی (2008).

 

2pqw66w
3.خه‌ڵاتی (سیزه‌ر)ی فه‌ڕه‌نسی بۆ باشترین ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کی کچ، باشترین وێنه‌گرتنی سینه‌مایی، باشترین دیزاینی جل و به‌رگ، باشترین دیزاینه‌ری به‌رهه‌م بۆ ساڵی (2008).

2m7g75j
4.خه‌ڵاتی له‌نده‌نی سینه‌مایی بۆ ڕه‌خنه‌گران، باشترین ئه‌کته‌ری ساڵ (ماریون کوتیار MarionCotillard) بۆ ساڵی (2008).

13zy6om
له‌گه‌ڵ چه‌ندین خه‌ڵاتی جیهانی تری وه‌ك (بۆستنی ئه‌مریکی 2007، شێری چیکی 2008، گۆڵدن گلوپی ئه‌مریکی 2008،کانی فه‌ڕه‌نسی 2008،کانساس سیتی ئه‌مریکی بۆ ڕه‌خنه‌گران 2008، وه‌ چه‌ندین خه‌ڵاتی جۆراو جۆری جیهانی ترو پاڵێوراوه‌ بۆ 32 خه‌ڵاتی جیهانی تر.

کورته‌یه‌ك له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکی فیلمه‌که‌:
سه‌ره‌تای فیلمه‌که‌ باس له‌ چۆنێتی ژیانی منداڵی (ئیدیت پیاف) ده‌کات که‌ چۆن دایکی ده‌یباته‌ سه‌ر شه‌قامه‌کانی پاریس و له‌وێدا و له‌سوچێکی شه‌قامه‌کان یاخود کۆڵانه‌کان له‌ په‌نا ده‌رگایه‌ك یان دیوارێك دا داده‌نیشێت چاوه‌ڕێی ته‌واو بوونی گۆرانی وتنی دایکی ده‌کات که‌ وه‌ك سواڵ کردنێك گۆرانی ده‌ڵێت بۆ ئه‌وه‌ی بژێوی خێزانه‌که‌یان‌ دابین بکات، باوکیشی له‌ سێرك وه‌ك پاڵه‌وان و نمایشکار کارده‌کات بۆیه‌ کاره‌که‌ی وای لێده‌کات که‌ شه‌وانه‌ دره‌نگ بێته‌وه‌ لای خێزانه‌که‌ی، گوێ پێنه‌دان و گرنگی نه‌دانی دایکی به‌ (ئیدیت) وای لێ ده‌کات که له‌ ته‌مه‌نی منداڵی یه‌وه‌‌ نه‌خۆش بکه‌وێت و هه‌تا مردنیشی له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌خۆشیه‌دا ده‌ژی، بۆیه‌ باوکی ناچار ده‌بێت که‌ بیباته‌ لای دایکی خۆی به‌خێوی بکات، نه‌نکی (ئیدیت) وه‌ك سه‌رپه‌رشتیارێکی سۆزانێكان کاری ده‌کرد که‌ ژماره‌یان له‌ 20 سۆزانی زیاتر ده‌بوون، هه‌ر له‌ منداڵی یه‌وه‌ ڕۆح سوك و هه‌ست ناسك بوو، جار جاره‌ش گۆرانی ده‌گوت بۆیه‌ ناویان لێنابو (چۆله‌که‌ی بچکۆله‌)، دوای ماوه‌یه‌ك باوکی دێت بۆلای وبڕیار ده‌دات له‌و شوێنه‌ ده‌ری بهێنێت و دوری ‌بخاته‌وه‌ له‌ دایکی له‌به‌ر خراپی کاره‌که‌ی دایکی و له‌ ترسی له‌سه‌ر ژیانی کچه‌که‌ی و بۆ ئه‌وه‌ی که‌ گه‌وره‌ بوو وه‌ك ئه‌مان ده‌رنه‌چێت!

هه‌رچه‌نده‌ کاره‌که‌ی باوکی کارێکی باش بوو بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئیدیت و باوکی بتوانن بژێوی ژیانی خۆیانی پێ به‌رنه‌ سه‌ر، به‌ڵام له‌به‌ر ڕێکنه‌که‌وتنی باوکی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری کاره‌که‌ی‌ بڕیار ده‌دات که‌ واز له‌ ئیشه‌که‌ی بهێنتێت و په‌نا ده‌باته‌ به‌ر نمایش و کاری سه‌ر شه‌قام و کؤڵانه‌کان، جارێکیان باوکی زۆر خۆی ماندوو ده‌کات به‌ڵام هیچ پاره‌یه‌کی ده‌ست ناکه‌وێت بۆیه‌ بیر ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئیدیت ده‌نگی خۆشه‌ و ده‌توانێت گۆرانی بڵێت له‌سه‌ر شه‌قامه‌که‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ پاره‌ی پێ ده‌ست ‌بکه‌وێت... باوکی زۆری لێ ده‌کات که‌ سروودی نیشتمانی فه‌ڕه‌نسا بلێت بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ خۆی کۆ بکاته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌م هه‌ر ڕه‌تی ده‌کاته‌وه‌، هه‌تا له‌ کۆتاییدا ناچاری ده‌کات و به‌ زۆر پێی ده‌ڵێت، خه‌ڵکه‌که‌ سه‌ریان لێ ده‌سوڕمێ که‌ منداڵێکی له‌م ته‌مه‌نه‌ (10-12) ساڵ بتوانێت به‌و شێوه‌یه‌ گۆرانی بڵێت و ئه‌و ده‌نگه‌ خۆشه‌ی هه‌بێت، بۆیه‌ ئه‌ویش له‌و ڕۆژه‌وه‌ وای لێ دێت هه‌تا ته‌مه‌نی لاوێتیشی به‌و‌ شێوازه‌ گۆرانی بڵێت..
له‌ یه‌کێك له‌ رۆژه‌کان له‌کاتی گۆرانی وتنی دا له‌سه‌ر شه‌قام پیاوێکی لێ په‌یدا ده‌بێت به‌ ناوی (لویس له‌پلێی Louis Leplée) که‌ خاوه‌نیباڕێکی گه‌وره‌ ده‌بێت،به‌لایدا تێده‌په‌ڕێت و که‌ گوێی له‌ ده‌نگی ده‌بێت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆلای و قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کات که‌ چۆن بتوانێت ئیشی له‌گه‌ڵ بکات له‌ باڕه‌که‌ی، وه‌ دوای چه‌ند ماوه‌یه‌ك لویس به‌کاره‌ساتێك ده‌کوژرێت...
به‌و شێوه‌یه‌ ئیدیت پیاف ده‌توانێت له‌ باڕ و گازینۆکاندا و به‌ ده‌نگه‌ خۆش و جوان و خه‌یاڵیاوێکه‌ی ناوبانگی خۆی ده‌ربکات و خه‌ڵکانی ده‌ره‌وه‌ی باڕ و گازینۆکانیش بیناسن، تا وای لێ دێت ناوبانگی ده‌گاته‌ سه‌ر ئاستی هه‌موو فه‌ڕه‌نسا و جیهان...
ژیانی تایبه‌تی خۆی گه‌لێك ناخۆشی و ده‌ربه‌ده‌ری و بێ پاره‌یی و بێزاری و خه‌م و خه‌فه‌ت و بێ هیوای له‌خۆ بینیوه‌ و به‌رده‌وام ئالوده‌ی خواردنه‌وه‌ کحولیه‌کان بووه‌، له‌ ته‌مه‌نیدا یه‌كجار خۆشه‌ویستی کردووه‌ و خۆشه‌ویسته‌که‌ی ده‌مرێت وه‌یه‌كجاریش ژیانی هاوسه‌رێتی پێکهێناوه‌ و یه‌ك منداڵیشی هه‌بووه‌ که‌ هه‌تا کۆتایی فیلمه‌که‌ ده‌ر‌هێنه‌ره‌که‌ بۆت ڕوون ناکاته‌وه‌ که‌ ئه‌م گۆرانی بێژه‌ شوی کردووه‌ و منداڵی هه‌بووه‌، چونکه‌ منداڵه‌که‌ی ده‌مرێت که‌ له‌ کۆتایی دا ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، هه‌روه‌ها خۆشه‌ویسته‌که‌ی و منداڵه‌که‌ی یه‌ك ناویان هه‌بووه‌ ئه‌ویش به‌ ناوی ( مارسێل)..
جوانی ئه‌م فیلمه‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ گۆڕینی زه‌مه‌ن و کات وات لێ ده‌کات سات دوای سات زیاتر بچیته‌ ناو فیلمه‌که‌وه‌ و زیاتر لێی قوڵ بیته‌وه، هه‌روه‌ها له‌ هه‌ردوو جه‌نگی جیهانی دا ڕوداوو و به‌سه‌رهاته‌کان ده‌گێڕێته‌وه‌، ڕه‌خنه‌ گران پێیان وایه‌ که‌ ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کی ئه‌م فیلمه‌ (ماریون کوتیار Marion Cotillard) توانیوێتی له‌ سه‌دا سه‌د کاره‌کته‌ره‌که‌ به‌رجه‌سته‌ بکات و وا هه‌ستیان کردووه‌ که‌ ئیدیت پیاف زیندوو بۆته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ر ئه‌و هۆیه‌ش بوو که‌ وای له‌ نوسه‌ران کرد پێی بڵێن: گه‌ر ئیدیت پیاف خۆی له‌ دونیا دا بمایه‌ ده‌یگوت.. ئه‌و منه‌.. . نه‌وه‌‌ك من خۆم بم!!

بۆ بینین تڕەیلەری فیلمەکە کلیک لەم لینکەی خوارەوە بکە

http://www.imdb.com/video/screenplay/vi865403161/

ئامادەکردنی ئەم بابەتە لەلایەن هاوڕێ ی خۆشەویست (لاوک کوردی) ئامادە کراوە کە شارەزایەکی بە توانای هەیە لە بواری فیلم ناسیدا ئەم بابەتەی لە ڕۆژنامەی ئاسۆدا بڵاو کردۆتەوە وە پێشکەشی کرد بە کوردماکس بۆ ئەوەی ئێوەی خۆشەویستیش سودی لێ وەربگرن و ئەم شاکارە بە نرخەتان لە کیس نەچێت...