سه‌رۆكی یه‌كیه‌تیی تۆپی پێی كوردستان ڕایگه‌یاند كه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئینته‌ر میلان ڕێككه‌وتن بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌كادیمیای یانه‌ی ئینته‌ر میلان له‌ تۆپی پێ بۆ منداڵانی كورد له‌ شاری هه‌ولێر.

سه‌فین كانه‌بی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌ میلانۆ گوتی: "ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ باره‌گه‌ی ئه‌كادیمیای یانه‌ی ئینته‌ر میلان رێككه‌وتنێكمان له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئینه‌ر ئیمزا كرد به‌ مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی ئه‌كادیمیای تۆپی پێی یانه‌كه‌ له‌ هه‌ولێر، كه‌ ئامانج تێیدا پێگه‌یاندنی یاریزانی كورده‌ بۆ داهاتووی تۆپی پێی كوردستان".


هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "به‌ پێی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ ڕۆژانی داهاتوودا ئه‌كادیمیای ئینته‌ر ته‌واوی پێداویستییه‌كانی ئه‌كادیمیاكه‌ له‌ كوردستان به‌ نووسراوێك ئاراسته‌ی ئێمه‌ ده‌كه‌ن و ئێمه‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌ هاوكاریی حكوومه‌تی كوردستان دابینی بكه‌ین و له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیكدا هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌كادیمیای ئینته‌ر له‌ هه‌ولێر بكه‌ینه‌وه‌.
كانه‌بی به‌بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاریی زیاتر ئاشكرا بكات، ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كردنه‌وه‌ی ئه‌كادیمیای ئینته‌ر میلان له‌ كوردستان هه‌نگاوێكی زۆر گرینگ و كرده‌ییه‌ بۆ پێشخستنی تۆپی پێی كوردستان و پێگه‌یاندنی یاریزانی كورد.
سه‌فین كانه‌بی گوتی: سوپاسی یاریزانی پێشووی یانه‌ی ئارارات (سه‌روان لوقمان بارزانی) ده‌كه‌ین كه‌ توانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ بۆ یه‌كیه‌تیی تۆپی پێی كوردستان له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئینته‌ر میلان دروست بكات و كردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌كادیمیایه‌ی لێ به‌رهه‌م هات.
جێی باسه‌ هه‌فته‌ی پێشوو به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌كنیكی له‌ ئه‌كادیمیای ئینته‌ر میلان ماركۆ ئه‌نجیلۆ مۆنتی سه‌ردانێكی دوو رۆژه‌ی بۆ هه‌ولێر كرد به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌كاری بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌كادیمیای ئینته‌ر له‌ هه‌ولێر.
له‌ لای خۆیه‌وه‌ ویبسایتی فه‌رمیی یانه‌ی ئینته‌ر میلانیش هه‌واڵی ئه‌نجامدانی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی به‌ گرینگییه‌وه‌ بڵاو كردۆته‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ ئه‌وان له‌ ڕێی ئه‌و ئه‌كادیمیایه‌وه‌ ده‌رگه‌یه‌كی گه‌وره‌یان به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست لێ كراوه‌ته‌وه‌ و له‌مه‌ولا ئینته‌ر میلان پێگه‌ی خۆی له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌هێزتر ده‌كات.
هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ وه‌كو یه‌كه‌م یانه‌ی ئه‌ورووپا له‌ كوردستان و عێراقدا ئه‌كادیمیا ده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌نگاوێكی گرینگه‌.
له‌ لای خۆیه‌وه‌ سه‌فین كانه‌بی سه‌رۆكی یه‌كیه‌تیی تۆپی پێی كوردستان له‌ لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی ئینته‌ر میلان inter channel گوتوویه‌تی: ده‌مه‌وێ سوپاسی یانه‌ی ئینته‌ر میلان و ئه‌كادیمیاكه‌ی بكه‌م كه‌ هه‌نگاوێكی گرینگ له‌ كوردستان ده‌هاوێژن به‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌كادیمیا، ئێمه‌ شانازی به‌و كاره‌ ده‌كه‌ین و دڵنیاین له‌ كوردستاندا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت".
سه‌فین كانه‌بی هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: گه‌نجانی ئێمه‌ زۆر حه‌زیان له‌ تۆپی پێیه‌، به‌ڵام به‌ ته‌نیا حه‌ز به‌س نییه‌، به‌ڵكو ئه‌كادیمیای ئینته‌رمیلان یارمه‌تی گه‌نجانی ئێمه‌ ده‌دات به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی له‌ بواری تۆپی پێدا پێشكه‌ون.

 

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا